ئیدارەی ترەمپ بەنیازە دەست بەسەر دووەم فڕۆکەی سەرۆکی ڤەنزوێللا بگرێت

ئیدارەی ترەمپ بە نیازە دەست بەسەر فڕۆکەی دووەمی سەر بە حکوومەتی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێللادا بگرێت، کە ئێستا لە کۆماری دۆمینیکانە.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سانتۆ دۆمینگۆی دۆمینیکان، کە دوا وێستگەی گەشتەکەی بۆ پێنج وڵاتی ئەمەریکای ناوەڕاستە، دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکە ڕابگەیەنێت.

 پێویستە ڕوبیۆ ئیمزای بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەکە بکات؛ هەروەها  پێویستی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دادی ئەمەریکا هەیە.

 فڕۆکەکە جۆری داسوو فالکۆن 200 ـە، کە سەرۆکی ڤەنزوێلا و یاریدەدەرە باڵاکانی لە نێویشیاندا جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا و وەزیری بەرگری لە گەشتەکانی بۆ چەند وڵاتێک لەوانە ڕووسیا، یۆنان، تورکیا و کوبا بەکاریان هێناوە. بەپێی بەڵگەنامەکە لەوەدا، ئیدارەی ئەمەریکا بە پێشێلکردنی سزاکانی سەپێنراو بەسەر ڤەنزوێلادا دەزانێت. 

ئەم هەنگاوە تەنیا هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ڕیچارد گرێنێل، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا سەردانی کاراکاسی کرد و لەوێ لەگەڵ مادۆرۆ کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی ئەو ڤەنزوێلاییانەی بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەمەریکاوە. هەروەها گرێنێل، لە سەردانەکە لەگەڵ شەش ئەمەریکی گەڕایەوە کە لە ڤەنزوێلا دەستبەسەر کرابوون.

ئەمەریکا لە مانگی ئەیلولی 2024 دەستی بەسەر فڕۆکەیەکی دیکەی سەرۆکی ڤەنزوێلادا گرت لە کۆماری دۆمینیکان.