ماددە هۆشبەرەکان بووە هۆی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری زیندانێکی عێراق

ڕۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دادی عێراق، مەجید سەدامی وەک بەڕێوەبەری زیندانی ناوەندیی بەسرە، لە شوێنی سەعد کەریم فالح دەستنیشان کرد.

ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە ئاسایشی نیشتمانی پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان، لە زیندانەکانی تاجی و بەسرە ڕاگەیاند.

دامەزراندنی ئەو بەڕێوەبەرە بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە دەرچووە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە فەرمانێکی وزاری، بەڕێوبەری ژمێرکاری (سەعد کەریم فالح) لە ئەرکەکانی وەک بەڕێوەبەری بەشی زیندانی ناوەندیی بەسرە دوور خرایەوە، هەروەها (مەجید سەدام) ئەرکی بەڕێوەبەری بەشی زیندانی ناوەندیی بەسرەی پێ سپێردراوە."