ترەمپ: فەڵەستینییەکان لە ماڵی نوێ و زۆر جوان نیشتەجێ دەکرێن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، فەڵەستینییەکان لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێ دەبن، دەیانخەینە نێو ماڵی زۆر جوان و نوێ و خۆشی ناوچەکە.

پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی( تروس سۆشیال) کە خاوەندارییەتی دەکات، نووسیوویەتی: فەڵەستینییەکان لە وڵاتێک نیشتەجێ دەکرێن کە بە تەواوی هەست بە دڵنیایی و ئارامی و جوانی بکەن، لەگەڵ ماڵی نوێ لە ناوچەکە.

ترەمپ زیاتر دەڵێت: دەرفەت بە فەڵەستینییەکان دەدرێت بۆ ئەوەی دڵخۆشبن و لە ئارامیدا بژین و هەست بە ئازادیی بکەن، گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هاوکاری تیمەکانی گەشەپێدان لە وڵاتانی جیا جیای جیهان، دەست بە بنیاتنانی یەک لە جوانترین و نایابترین پرۆژەکانی گەشەپێدان لەسەر ڕووی زەوی دەکەین.

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: پێویست بە هیچ هێزێک ناکات لە تەنیشت هێزی ئەمەریکاوە بن  بۆ ئەوەی سەقامگیریی لە ناوچەکە هەبێت.

دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، پرۆژەی نیشتەجێکردنی خەڵکی غەززە لە وڵاتانی دیکە، دوای 15 مانگ لە وێرانکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەری، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جێبەجێی دەکات و دەیکات بە( ڕێڤیرا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، گوتیشی: دەیەوێت کەرتی غەززە بکاتە  موڵکی ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی درێژ، پێشتریش داوای لە ئوردن و میسر کرد پێشوازیی لە دانیشتووانی کەرتی غەززە بکەن، بەڵام ئەو پێشنیازەی دۆناڵد ترەمپ، دەنگدانەوەی ناڕەزایی توندی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، لە سەروویانەوە بەریتانیا، فەڵەستینییەکانیش دەڵێن: قسەکانی دۆناڵد ترەمپ بەتاڵن، غەززە ماڵ و خاکی ئێمەیە، خوێنمان لەسەری ڕژاوە و ئازیزمانی تێیدا گیانیان لەدەستداوە، هی فرۆشتن نییە.