سوودانی و محەممەد جەواد زەریف دووپات لە پاراستنی مافی گەلان دەکەنەوە

محەممەد شیاع سوودانی و محەممەد جەواد زەریف
محەممەد شیاع سوودانی و محەممەد جەواد زەریف

محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە عێراق و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێرانیان تاوتوێ کرد و دووپاتیان لە پاراستنی مافی گەلانی ناوچەکە کردەوە.

پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ پرسە ستراتیژییەکان بە سەردانێک گەیشتە عێراق و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا، محەممەد شیاع سوودانی و محەممەد جەواد زەریف کە شاندێک یاوەریی دەکرد، باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش لە بوارە جیا جیاکان کرد، هاوکات دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاستی هەرێمایەتیان گەنگەشە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیان لەوە کردەوە، پێویستە هەڵوێستەکانیان یەکبخەن لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا، باسی گرنگیی کاری هاوبەش کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئالەنگارییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ پەرەدان بە پەیوەندییە هاوبەشەکانی ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی بە چارەسەرێکی ڕیشەیی تەواوی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە بکەن لەگەڵ گرەنتی دان بە پاراستنی مافی گەلان.

ئەو سەردانەی محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژی 3ـی شوباتی 2025، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئێران پێشوازیی لێکرد، وەک میدیاکان ئاشکرایان کرد، لەو دیدارەدا بابایی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق وڵاتێکی گرنگە سەبارەت بە ئێران و وڵاتانی بەرەی موقاوەمە، لە بەرامبەردا مەشهەدانی گوتی: تا ئێستاش ئێران پشتیوانێکی بەهێزی عێراقە.

4ـی شوباتیش، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە و بەپێی میدیاکان، هەردوولا باسیان لە سەرکەوتنەکانی بەرەی موقاوەمە کردووە لە کەرتی غەززە دوای ئاگربەست.

هەمان ڕۆژ، مەحموود مەشهەدانی، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هەروەها محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و موحسین ئیجئی کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکانی کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەر بە نووسینگەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەو کۆبوونەوانەدا، باس لە ئایندەی موقاوەمە کراوە.