پرۆگرامی خۆراکی جیهانی داوا لە وڵاتانی کۆمەک بەخش دەکات خواردن بۆ خەڵکی غەززە دابین بکەن

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتانی کۆمەک بەخش دەکات، هاوکاری دانیشتووانی غەززە بکەن بۆ دابینکردنی خواردن.
پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی کۆمەک بەخش کرد، بەردەوام بن لە ناردنی یارمەتیەکانیان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە لەچوارچێوەی پرۆژەی(ڕزگارکردنی ژیان) کە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لەو دۆخە مرۆییە ناجێگیرە جێبەجێی دەکات لە کەرتەکە.
15ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای 15 مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بە نێوەندگیری ئەمەریکا، قەتەر و میسر راگەیەندرا.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەو شێوەیە بوو:"
-کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل بەرەو سنوور لە تەواوی ناوچەکانی کەرتی غەززە.
-کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و کشانەوەی تەواو لە دەروازەکە.
-بریندارەکان بۆ چارەسەری بگوازرێنەوە دەرەوەی وڵات.
-ڕۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی کە قەتەر سەرپەرشتی دەکات، بگاتە نێو غەززە.
-200 چادرو 60 هەزار بارهەڵگر بۆ بەهاناوەچوونی بەپەلە بگەیندرێنە غەززە.
-گۆڕینەوەی دیلەکان و ئازادکردنی 1000 دیل لە کەرتی غەززە، لەگەڵ سەدان بەندکراو و حومکدراوی هەتا هەتایە و سزای توند.
- سەرجەم ئافرەت و منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.
-گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و ماڵەکانیان، لەگەڵ ئازادیی جوڵە و هاتوچۆیان لە کەرتی غەززە.
-ڕۆژانە 8 بۆ 10 کاتژمێر، نابێت هیچ فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی کەرتی غەززەدا بسوڕێتەوە.
-نۆژەنکردنەوەی تەواوی نەخۆشخانەکان و تیمی تەندروستی گەڕۆکیش دابین بکرێت لەگەڵ تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری لە کەرتی غەززە.