عێراق: بەنداوی ئەلیسۆ زیانمان پێدەگەیەنێت
.
K24 - ھەولێر
عێراق جەختدەكاتەوە، پڕبوونی بەنداوی ئەلیسۆ، كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر پشكی عێراق لە ئاو.
مەھدی رەشید، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داواكارییان پێشكەش بە توركیا كردووە دەربارەی كاریگەرییەكانی پڕبوونی بەنداوی ئەلیسۆی نێوان ھەردوولا.
ئاماژەی بەوەشدا، داواشیان لە توركیا كردووە، رێككەوتن لەسەر پلانی كارپێكردنی بەنداوەكە بكەن، بێ ئەوەی زیان بە پشكی عێراق بكەوێت، ھەروەھا مافەكانی لە بەنداوەكە بە پارێزراوی بمێنێت.
گوتیشی "پڕبوونی بەنداوەكە، كاریگەری نەرێنی گەورە لەسەر رووباری دیجلە دروستدەکات، ھەر بۆیە ئامانجی سەرەكی وەزارەتەكە ئەوەیە كە بگەنە رێككەوتنێك لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە چاوەڕێ دەكرێت بەنداوی ئەلیسۆ ھەزار و 200 مێگاوات كارەبا دابینبکات، بەوەش دەبێتە چوارەم گەورەترین بەنداو لە توركیا لە رووی وزەی بەرھەمھێنانەوە.