سوودانی: هەندێک لایەن دەیانەوێت گەندەڵیکردن لەگەڵ میکانیزمەکانی چاکسازی بگونجێنن
دیوانی چاودێری دارایی عێراق، یەکەمین کۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا بەرێوە برد و تێیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی: گەندەڵی وەکو ڤایرۆس وایە و خۆی لەگەڵ ڕێوشوێنەکانی دژی گەندەڵی دەگونجێنێت.
شەممە 8ـی شوباتی 2025، دیوانی چاودێری دارایی عێراق یەکەمین کۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا بەڕێوەبرد، تێیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی لە گوتارێکدا گوتی: ناکرێت باس لە هیچ پێشکەوتنێک بکەین بەبێ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گوتیشی: هەندێک لایەن دەیانەوێت گەندەڵیکردن لەگەڵ میکانیزمەکانی چاکسازی بگونجێنن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ناکرێت قسە لەسەر هیچ گەشەسەندنێک یان هیچ خزمەتگوزاری و پڕۆژەیەک بەبێ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکەین، گەندەڵی وەکو ڤایرۆسێکە، خۆی دەگۆڕێت و هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانە دەدات کە لەلایەن دەزگاکانی چاودێری لەدژی دەگیرێنەبەر،تەنانەت هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ رێکارەکانی چاکسازی و یاسایی و دارایی دەدات.
سوودانی گوتی: هەندێک لایەن کاریان لەسەر دیاردەی مەترسیداری گەندەڵی کردووە، بەڵام ئێمە لەپێناو گێڕانەوەی شکۆ بۆ دارایی وڵات، کار لەسەر دۆسیەی بچووکی گەندەڵیش دەکەین، کە چاکسازیکردن مەرجێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ مامەڵکردنیان لەگەڵ ئێمە.