ماكرۆن: توركیا توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان ده‌گوازێته‌وه بۆ لیبیا
به هۆی سیاسه‌تی توركیا له هه‌مبه‌ر لیبیا

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ئیمانوێڵ ماكرۆن، هێرشێكی نوێی به زمانی زبر كرده سه‌ر ئه‌نقه‌ره، به هۆی سیاسه‌تی توركیا له هه‌مبه‌ر لیبیا.
ئه‌مڕۆ له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا، كه له شاری مسیرگی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ راوێژكاری ئه‌و وڵاته ئه‌نگێلا مێركڵ ئه‌نجامیدا، ماكرۆن گوتی: "توركیا به‌رپرسیارێتی تاوانكاری و مێژوویی له ململانێكانی لیبیا ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ".
گوتیشی: "سیاسه‌تی توركیا له لیبیا به نسبه‌ت ئێمه‌وه سیاسه‌تێكی ره‌تكراوه‌یه، توركیا یه‌كه‌م وڵات و لایه‌نی ده‌ره‌كییه ده‌ستتێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی لیبیا ده‌كات. ئه‌و وڵاته هیچ پابه‌ندی ئه‌و پابه‌ندیانه نه‌بوو، كه له كۆنگره‌ی به‌رلینی تایبه‌ت به لیبیا خرابوونه ئه‌ستۆی".
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوتیشی: "توركیا به‌رده‌وامه له ره‌وانه‌كردنی چه‌كداره توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كانی سووریا بۆ لیبیا، له كاتێكدا توركیا ئه‌ندامی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سییه و ده‌بێت به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆ بگرێت".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی پاریس له باره‌ی لیبیاوه، ماكرۆن گوتی: "ده‌مه‌وێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه راستبكرێته‌وه، گوایه فه‌ره‌نسا پشتیوانی خه‌لیفه حه‌فته‌ر ده‌كات، ئێمه پشتیوانی به‌دیهێنانی چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه‌ی به‌رده‌وام له لیبیا ده‌كه‌ین".
توركیا و قه‌ته‌ر پشتیوانی له حكومه‌تی ویفاقی نیشتمانی ته‌رابلووسی پایته‌ختی لیبیا ده‌كه‌ن، كه حكومه‌تێكی دانپێدانراوه، هاوكات میسر و سعوودییه و ئیمارات و ژماره‌یه‌ك وڵاتی خۆرئاوایی پشتیوانی له موشیر خه‌لیفه حه‌فته‌ر ده‌كه‌ن، كه ده‌یه‌وێت ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر ته‌رابلووسی پایته‌ختدا و كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتدارێتی حكومه‌تی ویفاق بهێنێت.