سەرۆکی میت لە تاران جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە دەکاتەوە

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە تاران لەگەڵ وەزیری هەواڵگری و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکیا، لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی میت لە تاران، لەگەڵ هەر یەک لە ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگری و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران کۆبووەتەوە و خەجتی لە بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووەتەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ڕێکخراوی داعش.
بە گوێرەی ئەنادۆڵو، کاڵن، بە پەرسە ئێرانییەکانی ڕاگەیاند، هەڕەشەی ئەو ڕێکخراوانە هاوبەشن و دەبێت بەرەنگاریان ببنەوە.
هەروەها باسی لە دوا پێشهات و دۆخی سووریا و ئاگربەستی غەززە کردووە.
هەر لە بارەی سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا بۆ تاران، میدیاکانی ئێران هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە، تەنیا بە کورتی ئاماژەیان بە سەردانەکە و دیدارەکانی کاڵن لەگەڵ هەر یەک لە خەتیب و ئەحمەدیان کردووە و ئاماژەیان داوە، سەردانەکە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی دراوسێدا بووە.
هەروەها میدیاکان ئێران ئاماژەیان داوە "لە دیدارەکاندا جەخت لەسەر نزیکیی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کە چەند پرسێکی هاوبەشیان هەیە، کراوەتەوە."