نیویۆرک پۆست: ترەمپ لەگەڵ پوتین قسەی کردووە
ترەمپ باسی کۆتاییهێنانی شەڕی ئۆکرانیای لەگەڵ پوتین کردووە

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک نوێی ئەمەریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا قسەی کردووە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا کردووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ترەمپ لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پوتین ئاشکرا کردووە و ئاماژەی داوە، کە باسی لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کردووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی داوە، ترەمپ لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکەدا خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیاری چەند جار دیداری لەگەڵ پوتین هەبووە، دزیوەتەوە و تەنیا گوتویەتی "باسی نەکەم باشترە"، بەڵام ئاماژەی داوە، کە پوتین پێی ڕاگەیاندووە" نایەوێت چیتر مەرگی خەڵک ببینێت."
ترەمپ ئاماژەی داوە، هەمیشە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پوتین هەبووە و دەڵێت: پلانێکی تۆکمەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئوکرانیا هەیە و هیوادارم هەرچی زووە کۆتایی بەم جەنگە نەفرەتییە بێت، چونکە ڕۆژانە خەڵک دەکوژرێن و جەنگێکی ترسناکە."
سەبارەت بەم هەواڵەی نیویۆرک پۆست، هیچ لێدوانێک لەلایەن کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) و سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو "نیازی وایە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبێتەوە و کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بێنێت."