زێلێنسکی داوای گەرەنتی ئەمنیی بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکرانیا لە ترەمپ دەکات

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕ لە ئۆکرانیا، پێویستە دڵنیایی ئەوە بدات کە ڕووسیا جارێکی دیکە دەستدرێژی نەکاتەوە سەر ئۆکرانیا.
زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئای تی ڤی گوتی: ئۆکرانیا دەیەوێت ئەزموونی ڕێککەوتن و دانوستانەکانی ئاشتی دووبارە نەکاتەوە، لە ساڵانی پێش لەشکرکێشیی ڕووسیا لە شوباتی 2022دا نەیانتوانی ئەنجامەکان بەدەست بهێنن.
زێلێنسکی بە کەناڵەکەی گوتووە: کێ بە سڕکردنی ململانێکان براوەیە و ناوی دەچێتە مێژووەوە؟ بێگومان هیچ کەس. ئەوە دەبێتە مایەی دۆڕانی ڕەهای هەمووان، هەم ئێمە و هەم ترەمپ.
جەختیشی لەوە کردەوە، نابێت ترەمپ، تەنیا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، پێویستە مامەڵە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بکات، جارێکی دیکە دەرفەتی ئەوەی نەبێت، شەڕمان لەگەڵدا بکاتەوە، ئەوە مەسەلە سەرەکییەکە و پێویستە هەمووان لەوە تێبگەن، کە ئەوەیە سەرکەوتن و کۆتایی هێنان بە شەڕ.
زێلێنسکی ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ڕووسیا سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕەکە، بەمەرجێک هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئۆکرانیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا بەشداری بکەن.
نزیکەی سێ ساڵە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتر لە پێشڕەویدایە. ئۆکرانیاش بە هێرشی مووشەکی و درۆن هێرش دەکاتە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا، تێیدا دەیان هەزار کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی هەردوولا کوژران و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.