ترەمپ: پابەندم بە کڕینی غەززە

دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، پابەندە بە خاوەنداریەتیی غەززە و وەرگرتنی پەنابەرانی فەڵەستین لە جێگەیەکی تر. حەماسیش ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت غەززە موڵکێک نییە کە بۆ کڕین و فرۆشتن بێت.

دۆناڵد ترەمپ، لە نێو فڕۆکەی ئەیر فۆرس وەن، لە ڕێگەی چوونی بۆ نیو ئۆرلینز، بۆ ڕۆژنامەنووسان دواو و گوتی: پابەندم بە کرین و خاوەندارێتی غەززە و بنیات نانەوەی ئەو کەرتە.

هەروەها ترەمپ گوتی: بیر لە وەرگرتنی پەنابەرە فەڵەستینیەکان دەکەمەوە، بەڵام دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ یەک بە یەکی کەیسەکان بکرێت.

ئاماژەشی دا "لەوانەیە بنیاتنانەوەی غەززە بدەینە دەست وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە هیچ شتێک لە غەززە نەماوە، هەموو شوێنێک ڕووخاوە و هەموو شتێک لەناو چووە."

دۆناڵد ترەمپ دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندە بە کڕینەوەی غەززە تاوەکوو دڵنیا بێتەوە کە حەماس نەگەڕێتەوە سەر چالاکییەکانی خۆی.

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەشکرد: لە پڵانەکەمدا فەڵەستینییەکان مافیان نییە بگەڕێنەوە غەززە.

عزەت ئەلڕەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، لێدوانەکانی ترەمپی لە بارەی کڕین و خاوەندارێتیی غەززە ئیدانە کرد و ڕایگەیاند "غەززە موڵکێک نییە بۆ کڕین و فرۆشتن بێت، بەڵکو غەززە تەواوکەری خاکی فەڵەستینە."

هاوکات، ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دەرەوەی میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "ڕۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، لووتکەیەکی بەپەلەی عەرەبی لە قاهیرە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە نوێ و مەترسیدارەکانی تایبەت بە پرسی فەڵەستین، بەڕێوە دەچێت."