سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی دەکات

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە دوبەی، بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان دەکات و لەگەڵ چەندان سەرکردە و بەرپرسی وڵاتان کۆ دەبێتەوە. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "ئەمڕۆ دووشەممە، 10-02-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بەرەو ئیمارات بە ڕێ کەوت، بۆ بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان."

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات: 

1.  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار. 

3.  ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران. 

4.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران. 

 

لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژانی 11 تا 13ی ئەم مانگە، لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان دەکات."

ئەوەش خراوەتە ڕوو "لەم دیدارانەدا، گفتوگۆ، لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و لایەنە بەشداربووەکانی لووتکەکە و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی و گەشەپێدان دەکرێت، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "بەشداریی شاندی هەرێم، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەشداریی چالاکانەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەر و هاوبەشێکی کاریگەر و جێی متمانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."