کیم جۆنگ ئون هەڕەشە لە ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور دەکات

کیم جۆنگ ئون، هەڕەشە لە ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور دەکات لە بەرانبەر هاوکارییە سەربازییەکانی نێوانیان لە ناوچەکەدا و دەڵێت ئێمەش زیاتر پەرەی بە هێزە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور دەدەین.
میدیای فەرمی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاوی کردووتەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور ڕەخنەی لە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور گرت و گوتی: ئەو هاوکاریییە سەربازییانە گرژی لە ناوچەکە زیاد دەکەن، بۆیە لە بەرانبەردا بەڵێنی دا کە زیاتر پەرەی بە هێزە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور بدات.
سەرۆکی کۆریای باکوور ئاماژەشی دا "جێگیرکردنی سەرچاوەی ئەتۆمی و مەشقی جەنگی و هاوکاریی سەربازی لەگەڵ ژاپۆن و کۆریای باشوور لە لایەن ئەمەریکاوە، ناهاوسەنگییەکی سەربازی لە ناوچەکەدا دروست کردووە، بووتە مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان."
پێشتر، کیم جۆنگ ئون لەکاتی سەردانەکەی بۆ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی ڕایگەیاندبوو "کۆریای باکوور بەدوای گرژی ناپێویستدا ناگەڕێت، بەڵام بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی، دەبێت ڕێوشوێنی سەربازیی پێویست بگرنە بەر."
سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا، کیم گوتی: سوپا و گەلی کۆریای باکوور لە پشتیوانی و هاندانی ڕووسیا بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن.