شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن. 

دووشەممە، 10-02-2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، شاندی پارتەکەیان بۆ ئیمرالی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبوونەوەتەوە، سەردانی هەولێر دەکات. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکەی دەم پارتی کە لە  پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت؛ ڕۆژی یەکشەممە، 16-02-2025، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، تاوتوێ دەکەن.

تاوەکوو ئێستە، شاندی دەم پارتی دوو جار، لە دوورگەی ئیمرالی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆبوونەوەتەوە؛ هەرچەندە بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەم زووانە شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمرالی دەکەنەوە. 

میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەش کردووە، دوای ئەو کۆبوونەوەیە، ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیامێک لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بڵاو دەکاتەوە و تێیدا داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەکات، چەک دابنێن و دەست بە دانوستانی سیاسی بکەن.

ڕوون نییە،  ئۆجەلان لە بەرانبەر چیدا داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکات؟ بەڵام ئەوەی هەمووان لەسەری کۆکن، زامنکردنی مافەکانی کوردە لەنێو دەستووری تورکیادا، لەسەرووی هەمووشیانەوە، دانپێدانان بە زمانی کوردی وەکوو زمانێکی فەرمی، ئازادکردنی بەشێکی زۆری سیاسەتمەدارە زیندانیکراوەکانی کورد، هەڵگرتنی قەییوم لەسەر شارەوانییە کوردییەکان، لەگەڵ چەندان مافی دیکە.