سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئیمارات

 دووشەممە، 10-02-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، گەیشتە ئیمارات، بۆ بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان کە لە دوبەی بەڕێوە دەچێت.

ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە: 

1.  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار. 

3.  ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران. 

4.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران. 

 

لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژانی 11 تا 13ی ئەم مانگە، لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان دەکات."

ئەوەش خراوەتە ڕوو "لەم دیدارانەدا، گفتوگۆ، لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و لایەنە بەشداربووەکانی لووتکەکە و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی و گەشەپێدان دەکرێت، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "بەشداریی شاندی هەرێم، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەشداریی چالاکانەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەر و هاوبەشێکی کاریگەر و جێی متمانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."

لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، ساڵانە لە دوبەی بەڕێوە دەچێت و ئەمە چوارەم ساڵە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری تێدا دەکات.