تەنیا 10 وڵات لە وادەی خۆیدا پلانی پاراستنی کەشوهەوایان پێشکەش کردووە

زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوا پلانی خۆیان بۆ پاراستنی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان لە کۆتا وادەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش نەکردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دووشەممە 10ی شوباتی 2025، کۆتا وادە بوو بۆ ناردنی بەرنامە و پلانی تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام لە کۆی 200 وڵاتی بەشداربووی ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، تەنیا 10 وڵات توانیویانە لە وادەی خۆیدا پلانەکانیان پێشکەش بکەن.
بەپێی ڕێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوا، هەر وڵاتێک دەبێت پلانێک پێشکەش بکات کە تا ساڵی 2035 بەرنامەیەک جێبەجێ بکەن بۆ کەمکردنەوەی گازی ژەهراوییەکان.
هاوکات ڕاپۆرتەکە ئاماژەشی داوە "دەردانی گازی ژەهراوی لە جیهان لە زیادبووندایە، بەڵام تا 10 ساڵی داهاتوو دەبێت ئەو دەردانە تا نزیکەی نیوە کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهان سنووردار بکرێت و لەو پلەیدا بمێنێتەوە کە لە ڕێککەوتنی پاریسدا دیاری کراوە."
سیمۆن ستێل، بەرپرسی گۆڕانی کەشوهەوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "ئەم پابەندبوونەی وڵاتان بە ڕێکاری کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەبێتە یەکێک لە گرنگترین ڕێکارەکان بۆ پاراستنی کەشوهەوا لەم سەدەیدا."
هەروەها زۆربەی وڵاتانی لووتکەی G20 نەیانتوانی پلانەکانیان پێشکەش بکەنن، جگە لە ئەمریکا، بەریتانیا و بەرازیل کە ئەمساڵ میوانداریی لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.