هۆشیار زێباری و هادی عامری جەخت لە زمانی عەقڵ و دەستوور دەکەنەوە
بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی لە بەغدا، سەردانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحی کرد؛ لە دیدارەکەدا شاندی پارتی دیدگای سەرۆک مەسعود بارزانیی سەبارەت بە قۆناغی ئێستا گواستەوە و جەختی لە گەڕانەوە بۆ دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی کردەوە، هاوکات هەردوولا دیالۆگی بنیاتنەریان بە زامنی پاراستنی سەقامگیریی سیستەمی فیدراڵی دانا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە یاوەریی شاندێکی ناوەندەکە سەردانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحی کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، دیدارەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی دوا پێشهاتە سیاسییەکانی گۆڕەپانی عێراق و ناوچەکە، هەروەها خستنەڕووی ڕەوتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە میانی گفتوگۆکاندا شاندی پارتی دیدگا و ئاڕاستەکانی سەرۆک مەسعود بارزانییان سەبارەت بە قۆناغی ئێستا گواستووەتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە گەڕانەوە بۆ زمانی عەقڵ و دەستوور و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، باشترین ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی گرژییەکان و یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامیی هەماهەنگی و دیالۆگی بنیاتنەر لە نێوان هێزە نیشتمانییەکاندا، زامنی سەرەکییە بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستەمی فیدراڵی و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم عێراقییەکان.