لە رۆژئاوا بۆ باشوور: 'یەکە، یەکە، گەلی کورد یەکە'

سبەینێش لە حەسەکە و هەینی لە کۆبانێ دەبێت

بە ئاڵای کوردستان و بە گوتنەوەی دروشمەکانی گەلی کورد یەکە و بژی کوردستان، هاووڵاتییان و گەنجانی شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات بڕیارە خۆپیشاندانەکانی پشتگیری سبەینێ لە قامشلۆ و حەسەکە و رۆژی هەینیش لە کۆبانێ بەردەوام بن.

لە شاری قامشلۆ، ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، خەڵکی قامشلۆ لە شەقامەکاندا کۆبوونەتەوە و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بەرامبەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق دەردەبڕن.

بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا دروشمەکانی بەرخۆدانا کوردستان، یەکە، یەکە، گەلی کورد یەکە و هەر بژی کوردستانیان دەگوتەوە.

یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکانی خۆپیشاندانەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بە کوردستان24ی گوت: پەیاممان بۆ هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە هەموومان لە پشتیانین؛ ئەگەر تەنیا سنوورەکان بکەنەوە، ئێمە وەک گەنجانی رۆژئاوا هەموومان ئامادەین دەرباز بین. هەروەها کچە گەنجێکی دیکەی بەشداربوو بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەوان ئامادەی قوربانیدانن بۆ هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ بەردەوامیی ئەم جووڵە جەماوەرییە بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان، شوێن و کاتی خۆپیشاندانە نوێیەکان لە شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بەم شێوەیە راگەیەندراون:

شاری قامشلۆ: سبەینێ، کاتژمێر 7:00ی ئێوارە لە فلکەی رۆژئاوا.

شاری حەسەکە: سبەینێ، کاتژمێر 7:00ی ئێوارە لە فلکەی حەمامە.

شاری کۆبانێ: رۆژی هەینی، کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ لە فلکەی حەمامە – تەنیشت گەراج.