عێراقچی تۆمەتەکانی ئیسرائیل لەبارەی چەکی کیمیایی رەت دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەکانی ئیسرائیلی لەبارەی پەرەپێدان و شاردنەوەی چەکی کیمیایی لە کارگەکانی دەرمانسازیدا دایەوە و رایگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل لەو تۆمەتانە هەڵخەڵەتاندنی ئەمەریکایە تا بچێتە ناو جەنگێکی دیکەوە لە جیاتی ئیسرائیل.
چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێکدا لەبارەی چەکی کیمیاییەوە گوتی: ئیسرائیل رەتی کردووەتەوە بچێتە ناو هیچ پەیماننامەیەکی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی، کیمیایی یان بایۆلۆژییەوە، و بە گوتەی ئەو خاوەنی سەدان کڵاوەی ئەتۆمییە، هێرشی کردووەتە سەر حەوت وڵاتی ناوچەکە و خاکی سێ وڵاتیشی داگیر کردووە، و تەنیا لە ساڵی رابردوودا ئەمەریکای راکێشاوەتە ناو دوو جەنگی شکستخواردووەوە دژی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی بە جەنگخواز ناو برد و ئاماژەی داوە، بە شێوەیەکی بێشەرمانە ئێران تۆمەتبار دەکات بە پەرەپێدان و شاردنەوەی چەکی کیمیایی لە کارگەکانی دەرماندا، لە کاتێکدا بە گوتەی ناوبراو ئێران واژۆکاری پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و ئەندامی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیاییە (OPCW)، و خۆیشی قوربانیی ئەو چەکە کیمیاییانە بووە کە ئەڵمانیای رۆژئاوا بە رژێمی سەددام حوسێنی دابوو.
لە راگەیاندراوەکەدا عێراقچی نووسیویەتی: ئامانجەکە بێپەردە و بوێرانەیە؛ هەڵخەڵەتاندنی ئەمەریکایە تا جەنگێکی دیکە لە جیاتی ئەو بکات، لە کاتێکدا نەخۆشانی ئێرانی دەکرێنە ئامانج.