ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکیان دابڕاوان وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە ئامێزیان دەگرێت

هۆبەی جێگیرەوەی خێزانی ساڵێک زیاترە لە هەولێر ئەو منداڵانە لە ئامێز دەگرێت، کە بە هۆکاری جیاواز لە دایک و باوکیان دابڕاون.

دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵێک زیاترە، هۆبەی جێگرەوەی خێزانیمان دروست کردووە، جیا لە خانەی بێسەرپەرشتان، هۆبەی خێزانی ئەو منداڵانە دەگرێتە خۆ، کە بە هۆکاری جیاواز لە دایک و باوکییان دابڕاون.

یوسف چاوشین، گوتیشی: هەر خێزانێک ئامادە بێت ئەم منداڵانە بگرێتە خۆ، ئێمە هاوکاری دارایی پێشکەشی دەکەین، بەڵام ئەگەر بە باشی چاودێری ئەو منداڵەی نەکرد، ناچارین بیدەینە خێزانێکی دیکە.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتی باس لەوەش دەکات: ئەو کەسەی ئەو منداڵە دەگرێتە خۆ، پێویستە چەند مەرجێکی هەبێت، گرنگترینیان: ڕەگەزنامەی عێراقیان هەبێت و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بن، هیچ نەخۆشییەکی گواسترەوەیان نەبێت.

پەیڕەوی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە.