نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە
ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1800 دۆلار بەرزدەبێتەوە
K24 – ههولێر
بەهۆی نادڵنیاییەکان لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێوشوێنەکان، نرخی زێڕ لە میانی مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بەرزبووەوە و نرخی هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 1800 دۆلاری ئەمەریکی، کە ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە هەشت ساڵی رابردوویدا.
ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی بۆ هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمەریکا هۆشداریدا، لهوهی پێشبینی دهكهن تێکڕای ژمارەی تووشبووان لە ئەمەریکا رۆژانە بگاته 100 هەزار کەس و کۆی تووشبووانیش لە وڵاتەکە بۆ 2 ملیۆنو 630 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
ئەو دڵەڕاوکێیانەش پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکات، بە جۆرێک نرخی ئەو کانزا زەردە لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئاب بە رێژەی سەدا 0.1 بۆ 1802.80 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەتەوە.
هەروەها لە مامەڵە خێراکاندا نرخی ئەو کانزا گرانبەهایە بە رێژەی سەدا 0.2 بۆ 1784.17 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەتەوە.