هێمن هەورامی: ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پانێلێکی زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن گوتی: ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا، دەشڵێت: لە بەغداوە هەوڵدەدرێت ڕێگە لە پێشکەوتنی کوردستان بگیرێت.
دووشەممە 10ـی شوباتی 2025، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پانێلێکی زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن گوتی: ئەمەریکا دەتوانێت کارێکی زۆر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکات، دەڵێت: یەکێک لە ئالەنگارییەکانی کوردستان ئەوەیە پیویستە ساڵانە 80 هەزار دەرفەتی کار دروست بکەین، بەڵام سەختە بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ بەغدا هەیە، دەبێت چاکسازیی پتەو بکەین لە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی ئەو ژینگەیە بڕەخسێنین، هەر لەبەر ئەوە پێویستە ئەمەریکا وەبەرهێنانی زیاتر لە کوردستان بکات.
هێمن هەورامی لە پانێلەکەدا گوتی: کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، کلتووری ناوەندخوازییە لە بەغدا کە پابەندی دەستوور نین، دەڵێت: 55 ماددە لە دەستووری عێراق کە پەیوەستن بە فیدراڵیزم و دابەشکردنی سەرچاوە و دەسەڵات، پێشێلکراون یاخوود جێبەجێ نەکراون، دەشڵێت: نایانەوێت بەرەو پێشچوون لە هەرێمی کوردستان هەبێت.
هەورامی ئاشکرای کرد، لە وەزارەتی بەرگریی عێراق 220 پۆستی بەڕێوەبەرایەتی هەیە، یەک پۆستیشی بەر هەرێمی کوردستان نەکەوتووە،گوتی: حکوومەتی بەغدا نزیکەی ملیۆنێک کەسی دامەزراند، بەڵام هەرێمی کوردستان هیچ پشکی نەبوو.
هێمن هەورامی گوتی: ئەوەی بەغدا کردوویەتی لە بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی وەکو چەکێک دژی هەرێمی کوردستان، هاوکات یاسای نەوت و گاز کە لە ساڵی 2007ـەوە پەسەند نەکراوە، لە پێشێلکارییەکانن دژی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژەوە دوای ڕاگرتنی، ئامادەبووین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ئەوانەی دیکە دەکەوێتە سەر حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
هەورامی گوتی: لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێمە پێمان وایە ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گەورە بگیڕێت، دەمانەوێت هەولێر و بەغدا لە یەک نزیک بکرێنەوە تاکوو ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێش بکەوێت، گوتی: تەنها لەبەر ئەوەی 10 ملیار دۆلاری فرۆشتنی نەوت بە هەرێمی کوردستان نەدەن، عێراق لەماوەی دوو ساڵدا 23 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوت،ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیی سەرکەوتنمان لەگەڵ عێراق و ئەمەریکا هەبێت.