ڕاگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە

پۆلیسی هەولێر
پۆلیسی هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەوانە بڵاو کردەوە کە هەوڵیاندا دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بشێوێنن و دەڵێت: کەسێک دەستگیرکراوە و لە کاتێکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.

دووشەممە 10ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت:دوای ئەوەی چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان دا، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر گەیشتە هەندێک دەرئەنجام و هەندێک لەو کەسانەی وەکو ئامرازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران، یەکێکیان دەستگیر کرا و لە کاتێکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو.

دوێنێ یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: ئەوانەی لە دێگەلە لەنێو کۆستەرەکانن، عەرەبی تیایە نە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، نە فەرمانبەری هەرێمی کوردستانە، گوتیشی: لە بەغدا  بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕن، ئەوان دێن بەناوی خۆ نیشاندەر و خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتەکان دێننە هەولێر، ڕێگەیان پێ نادرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، مامۆستایان مافی خۆیانە و مافی خەڵکی تەواوی هەرێمی کوردستانیشە مان بگرن و خۆیان نیشان بدەن و ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بەو زوڵم و ستەمەی بەغدا لە هەرێمی کوردستانی دەکات.