موونا یاقو: هەر کەسێک سکاڵای هه‌یه‌ ئێمە ئاگادار بکاتەوە

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: بەردەوام چاودێری هەموو گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان دەکەین و هیچ کەسێکیش لە گردبوونەوەکەی دوێنی یەکشەممە سکاڵای تۆمار نەکردووە.

دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، موونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە خۆپێشاندانەکەی  دوێنێ یەکشەممە، هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە و بەردەوام چاودێری خۆپێشاندانەکەمان کردووە.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ گوتیشی: دوای پەیوەندیکردن بە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر، هیچ کەسێک لە خۆپێشاندانەکەی دوێنی دەستگیر نەکراوە و هەر کەسێکیش سکاڵای هه‌یه‌ ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ڕاستەوخۆ بەدواداچوونی بەپەلەی بۆ دەکەین.

هەر ئەمشەو دەستەی مافی مرۆڤ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و هاتووە: هەرچەند هەواڵی ئەوە بڵاو بووه‌وە کە چەند کەسێک دەستگیر کرابن بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی تایبەتی دەستەكه‌ کە پێک هاتبوون لە هەردوو بەڕێوەبەری گشتی یاسای و پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن سەردانی ئاسایشی هەولێریان کرد لە لایەن بەڕێوەبەری ئاسایشیی هەولێرەوە پێشوازی لێ کرا و ڕایگەیاند هیچ خۆپیشاندەرێک دەستگیر نەکراوە و بانگ نەکراوە بۆ ئاسایشیی هەولێر، تێمەکانی ئێمەش بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران لە ئەرکدان.

بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە بە وردی چاودێری دەکرد و بەدواداچونی بۆ هەر هەواڵێک دەکرد لەو بارەوە لە ڕێگەی تیمی تایبەتەوە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تەواو پشتیوانی هەر چالاکی و گردبوونەوەیەکی مەدەنی دەکات لە چوارچێوەی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕێگایەش بەمافێکی سروشتی ویاسایی دەزانین بۆ داواکردنی مافەکان و لەهەمان کاتدا نیگەرانین لە هەر گرژی و ئاڵۆزی و بەیەکدادانێک لە هەر لایەک ڕوو بدات و هەمیشە پشتیوانی زمانی دیالۆگ و ئاشتی و ڕێگای مەدەنی دەکەین.