ترەمپ: لەوانەیە ڕۆژێک ئۆکرانیا بگەڕێتەوە سەر ڕووسیا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێویستە ئۆکرانیا دڵنیا بێت لە سەلامەتیی ئەو سەرچاوانەی واشنتن بۆی تەرخان کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕەنگە ڕۆژێک بێت ئۆکرانیا ببێتە بەشێک لە ڕووسیا".
دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز گوتی: ئەوان زەوییان هەیە کە بەهایەکی نایابی هەیە، لە ڕووی یەدەگی کانزا دەگمەنەکان و نەوت و گاز و شتی دیکەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن ئۆکرانیا ئاگادار دەکاتەوە، دەیەوێت سەرچاوەکانی وەربگرێتەوە و دەڵێت: دەمەوێت سەرچاوە داراییەکان بگەڕێنمەوە.
باسی لەوەش کرد، ئەمەریکا "زیاتر لە 300 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، لەکاتێکدا ئەورووپا 100 ملیار دۆلاری دابین کردووە".
ترەمپ پێشتر داوای لە ئەورووپا کردبوو، پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکرانیا زیاد بکات، بۆ ئەوەی بەشداریی ئەورووپا هاوشێوەی بەشداریی ئەمەریکا بێت.
هەروەها ترەمپ هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، واشنتن ئارەزووی هاوردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی ئۆکرانیا دەکات لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئەمەریکا بۆ کیێڤ.
4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند "وەکوو قەرەبوو بۆ پشتگیرییە داراییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، پێشبینی دەکەم ئۆکرانیا کانزا خاوەکانی خۆی بۆ ئێمە دابین بکات."
دۆناڵد ترەمپ گوتی: بە ئۆکرانیامان گوتووە، دەمانەوێت لەسەر ئەو کانزا دەگمەن و بە نرخانە ڕێک بکەوین، بەرانبەر ئەو پشتگیریانەی ئێمە بە ئۆکرانیامان بەخشیووە.