نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 511 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر نیشتەجێن

کەمپی ئاوارەکان
کەمپی ئاوارەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتی وەرزیی خۆیدا ڕایگەیاند، زیاتر لە 511 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر نیشتەجێن، کە زۆرینەیان لە دەرەوەی کەمپەکاندان.

سێشەممە، 11ـی شوباتیی 2025، کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە "تا مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، زیاتر لە 36 هەزار ئاوارە کە زۆربەیان ئێزیدین، کەمپەکانی ئەو دوو پارێزگایەیان بەجێ هێشتووە. ئێستەش 242 هەزار پەنابەر، کە زۆرینەیان سووریین و لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر نیشتەجێن، لەوانە 70%یان منداڵ و ئافرەتن."

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە "230 هەزار ئاوارە لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن؛ لەوانە، 215 هەزار کەسیان لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین، لە کاتێکدا تەنیا 11 هەزار ئاوارە لە 6 کەمپدا نیشتەجێن، لەو ژمارەیەش تا مانگی کانوونی دووەمی 2024، 6 هەزار و 600 کەس کەمپەکانیان جێ هێشتووە."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە "زیاتر لە 281 هەزار ئاوارە لە پارێزگای دهۆکن، کە 65%یان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، لەکاتێکدا تەنها 35%ی ئاوارەکان کە ژمارەیان 98 هەزار کەسە، لە 14 کەمپدا نیشتەجێن کە 90%یان ئێزیدین." 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە "تا مانگی کانوونی دووەمی 2024، 30 هەزار ئاوارە دهۆکیان بەجێ هێشتووە و زۆربەی ئاوارەکان لە ناوچەکانی ئامێدی، شێخان، ئاکرێ، سێمێل و زاخۆ لە دهۆک نیشتەجێن."