پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سووریا و قاچاخچییە لوبنانییەکاندا ڕووی دا

موئەیەد سەلامە، فەرماندەی ناوچەی ڕۆژئاوا لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سنووری سووریا، سەبارەت بە تێکهەڵچوونە سنوورییەکان لەگەڵ لوبناندا دەڵێت: ئەو سنوورە لەگەڵ سووریا بووەتە ڕێڕەوێک بۆ بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان و گواستنەوەی چەک.
سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، موئەیەد سەلامە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "لە هەفتەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی باندە قاچاخچییەکانی چەک لە گوندەکانی حاویک، جەرماش، دۆڵی حورانی و ئاکوم لە سووریا بووینەوە؛ ئەو هەڵمەتەمان بۆ ئەوە دەست پێ کرد تاوەکوو ئەو سنوورە لە قاچاخچێتی پاک بکەینەوە.
ئەو بەرپرسە سوورییە ئاماژەی بەوەش کرد "زۆربەی باندە قاچاخچییەکانی سەر سنووری لوبنان، سەر بە حزبوڵلای لوبنانن، کە ئەو گرووپە لەسەر سنووری سووریا پاڵپشتی لە قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر و چەکەوە دەکەن، ئەوەش بووەتە هەڕەشە."
موئەیەد سەلامە هەروا ڕایگەیاند "ڕژێمی پێشووی سووریا، بە هاوکاریی لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانی، سنوورەکانی سووریا و لوبنانیان کردبووە ڕێڕەوی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ بەهێزکردنی باندە چەکدارەکانی قاچاخچێتی لەو ناوچانەدا."
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە "هێزەکانی سووریا توانیویانە دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە کێڵگە و کۆگا و کارگەکانی دروستکردنی حەشیش و حەبی کەپتاگۆندا بگرن؛ جگە لە چاپخانەی تایبەت بە چاپکردنی دراوی ساختە، جەختیشی کردەوە، ئەم ناوچەیە بە شادەماری ئابووریی ئەو باندانە دادەنرێت، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و لوبنان دەستیان بەسەر چەندین بارهەڵگری پڕ لە چەک و ماددەی هۆشبەری ئەو باندە قاچاخچییانەدا گرتووە."
ە