حەماس: پلانەکەی ترەمپ سەرکەوتوو نابێت

بزووتنەوەی حەماس وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و دەڵێت: پلانەکەی ترەمپ ڕەگەزپەرستییە و نکۆڵیکردنە لە مافی فەڵەستینییەکان.

سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕەگەزپەرستانەیە و هەوڵێکە بۆ ئەوەی گەلی فەڵەستین مافی خۆیان بەدەست نەهێنن.

هەروەها حەماس سەرجەم پلانەکانی ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززە ڕەت دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، هەوڵدان بۆ ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتەکە شکستخواردوو دەبێت.

گوتیشی: پلانەکەی ترەمپ سەرکەوتوو نابێت. هەروەها ئێمە پابەندی ئاگربەستین، بەڵام ئیسرائیل پابەند نابێت.

سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی دیداری لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە واشنتن ڕایگەیاند: فەڵەستینییەکان لە شوێنێکی تر جگە لە غەززە بە سەلامەتی دەژین و دەزانم کە توانای گەیشتنمان بە چارەسەر هەیە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پێم وایە لە ئوردن و میسر شوێنێک هەر دەبێت کە فەڵەستینییەکان بتوانن تێیدا بژین و من بە ڕێژەی 99% باوەڕم وایە لەگەڵ میسریشدا دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە.

ترەمپ، لەبارەی غەززەوە زیاتر گوتی: ئێمە نامانەوێت غەززە بکڕین، تەنیا کۆنترۆڵی دەکەین و زۆر بە باشی بەڕێوەی دەبەین، هەروەها گەشەپێدانی غەززە کە لە ماوەیەکی داهاتوو ڕوودەدات، هەلی کارێکی زۆر بۆ ناوچەکە دەهێنێت.