پۆلیتیکۆ: یەکێتیی ئەورووپا شێوازی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەگۆڕێت

یەکێتیی ئەورووپا شێوازی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەگۆڕێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵوێستی ترەمپدا بگونجێت.
بە ڕاپۆرتێکی "پۆلیتیکۆ" هاوپەیمانانی واشنتن لە ئەورووپا دەستیان کردووە بە گۆڕینی شێوازی پشتیوانیی لە کیێڤ، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە خواستی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ڕووسیا دەربڕی.
لە وتارێک ڕۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "ستراتیج لە ئەورووپا سەبارەت بە ئۆکرانیا بە هێمنی دەگۆڕێت، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانی تۆنی لێدوانەکانی ئەمەریکا - لە بەڵێنەکانی پشتیوانیی بێ چەواشەکارییەوە بۆ هەوڵدان بۆ هێنانی کیێڤ بۆ سەر مێزی دانوستان لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی هەڵوێستێک کە سوودی بۆی هەبێت."
بەگوێرەی بابەتەکە، سەرکردەکانی ئەورووپا خواستیان نیشانداوە بۆ ئەوەی "ڕۆڵێکی پێشەنگ لە دانوستانەکانی ئاشتیدا بگێڕن"، ئەمەش لە پاشخانی لێدوانەکانی ترەمپ، سەبارەت بە خواستی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ئۆکرانیا.
هەروەها پێی وایە "ئەم ستراتیجە نوێیە لەم هەفتەیەدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا بە ڕوونیتر دەردەکەوێت" کە لە 14 تا 16ـی شوبات بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ڕۆژنامەکە، ئەمجارە کۆنفرانسی میونشن بەشێوەیەکی جیاوازتر لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت، کاتێک ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی کیێڤ تا ئەوکاتەی پێویست بوو.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ڕایگەیاندووە، نوێنەرانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا پێش کۆنفرانسەکه "باسیان لە گەرەنتی درێژخایەن لە بواری ئاسایش کردووە، کە ئەوروپییەکان دەتوانن ئامرازەکانی وەک چەک و مانگی دەستکردەکان بدەن."
لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن ڕۆژی سێشەممە11ـی شوباتی 2025، لە واشنتن، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە "پێشکەوتنی باش" لە چارە کردنی کێشەکانی ئۆکرانیا بەدی هاتووە.
ترەمپ پێشتر باسی لە پەیوەندیی لەگەڵ لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا کردووە، هەروەها باسی لە "پێشکەوتن" لەبارەی یەکلاییکردنەوە کردووە.
لە بەرامبەردا لایەنی ڕووسی هیچ پێشکەوتنێکی پشتڕاست نەکردەوە لەسەر پرسی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، یان لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئۆکرانیا.