پشکنین بۆ ئەو پاسانە دەکرێت کە حاجییان دەگوازنەوە بۆ سعوودیە

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پشکنین بۆ ئەو پاسانە دەکرێت کە ئەمساڵ حاجییان دەگوازنەوە بۆ عەرەبستانی سعوودییە، ئەگەر مەرجەکانیان تێدا نەبوو بەشدارییان پێ ناکرێت.

چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، کاروان ستونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دەستمان کرد بە پشکنین بۆ ئەو پاسانەی ئەمساڵ حاجییان بۆ ماڵی خودا دەگوازنەوە، لە هەرێمی کوردستان بۆ عەرەبستانی سعوودیە.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "ئەوە یەکەمجارە بەم شێوەیە تیشک بخرێتە سەر هەموو بابەتەکانی حەج کردن، لە ڕووی کوالێتی پاسەکان و مۆدێلی پاسەکان، کە دەبێت مۆدێلی پاسەکە 2016 بەرەو سەروە بێت، لەو خوارەوەتر قبول ناکرێت، تەمەنی شۆفێرەکەش دەبێت لە 1965وە بێت و خوارتر نەبێت، بەشێوازێک بێت بتوانێت خزمەت بە حاجییان بکەن."

دەشڵێت: "ئەم پشکنینەی ئەمڕۆ بە هەماهەنگای لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی بەڕێوە دەچێت، بەسەر پەرشتی خودی بەڕێوەبەرەی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی."

کاروان ستونی راشیگەیاند، "ئەم پشکنینانە بۆ هەموو پاسەکان، لە ڕووی خاوێنی و خزمەتگوزاری کە دەکرێت، هەر پاسێک مەرجەکانی تێدا نەبێت یاخود تەمەنی شۆفیرەکە ئەوە نەبێت کە دیاری کراوە، ڕێگەی پێ نادرێت بەشدار بێت."