سەرۆکی میسر ڕەتی کردووتەوە بچێتە ئەمەریکا

دوای سەردانەکەی شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن بۆ کۆشکی سپی، سەرۆکی میسر ڕەتی کردووتەوە بچێتە واشنتن.

چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری دوو سەرچاوەوە ڕایگەیاندووە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، ناچێتە واشنتن، ئەگەر پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ڕاگواستنی خەڵکی فەڵەستین لە ئەجێندای گفتوگۆیەکاندا بێت.

رۆیتەرز بڵاوی کردووتەوە "دۆناڵد ترەمپ، لەسەرەتای ئەم مانگە بانگێشتنامەی بۆ سیسی ناردووە بۆ ئەوەی سەردانی کۆشکی سپی بکات، بەڵام وادەی سەردانەکە دیاری نەکراوە."

لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی میسر و وەزارەتی دەرەوەی میسر، تا ئێستا وەڵامی بانگێشتنامەکەیان نەداوەتەوە.

ڕەت کردنەوەی سەرۆکی میسر بۆ  سەردانی واشنتن، دوای سەردانەکەی  شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن دێت بۆ کۆشکی سپی، کە بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز، شا عەبدوڵلا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نائاسوودە دیار بوو.

هاوکات پێشتر، میسر پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕەت کردبووە.

ترەمپ، پێشنیازی خۆی بۆ کەرتی غەززە خستووەتە ڕوو، کە بریتییە لە ڕاگواستنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ میسر و ئوردن، پێش ئەوەی دووبارە ئاوەدانی بکاتەوە و ئەمەریکا خاوەندارییەتی بکات.