پوتین پشتیوانیی خۆی بۆ سووریا دەربڕی

سەرۆکی ڕووسیا پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی نوێی سووریا دەربڕی و ئامادەیی ڕووسیاش بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی سووریا پێشان دا.

چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند "ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێ سووریا کرد و باسیان لە دۆخی ئێستای سووریا کردووە.

لە پەیوەندییەکەدا، ڤلادیمیر پوتین هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەحمەد شەرع خواستووە لەچارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم سەرکردایەتیی نوێی سووریا، بە جۆرێک کە خزمەتی گەلی سووریا بکات. 

ڕاگەینراوەکە ئاماژەشی داوە "پوتین، ئامادەیی ڕووسیای بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی سووریا  بۆ  باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو وڵاتە، دەربڕیوە؛ بەوپێەی سووریا و ڕووسیا پەیوەندیەکی دۆستانەی لەمێژینەیان لە نێواندا هەیە.

هەر بەگوێڕەی ڕاگەینراوەکەی کرێملن، ڤلادمیر پوتین پاڵپشتیی خۆی بۆ یەکپارچەیی سووریا دووپات کردووتەوە و باس لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی وڵاتەکە بەشداریی هێزە سیاسییە سەرەکییەکان و گروپە ئەتنی و ئاینییەکانی دانیشتووانی وڵاتەکەی کراوە.

هەروەها لە لە پەیوەندییەکەدا، هاوئاهەنگیی لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، پەروەردەیی و چەند بابەتی دیکەش تاوتوێ کراوە و لەسەر ئەوەش  ڕێککەوتن کە درێژە بە پەیوەندییەکانیان بدەن