عەلی خامنەیی: دوژمنەکانمان لێمان دەترسن

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لە دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت: ئەگەر گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئەتۆمی نەکرێت، ئێمە زیاتر پەرە بە توانا سەربازییەکانمان دەدەین.
چوارشەممە 12ی شوباتی 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکاتی سەردانی پێشانگەی نمایشکردنی نوێترین چەکەکانی کەرتی بەرگریی ئێران، ڕایگەیاند "ئەگەر دۆناڵد ترەمپ دانوستاندنەکان لەبارەی پرسی ئەتۆمیی ئێران ڕەت بکاتەوە، ئەوە ئەوان زیاتر پەرە بە مووشەک و توانا سەربازییەکانییان دەدەن.
عەلی خامنەیی گوتیشی: ئێستا هێزی بەرگریی ئێمە لە جیهاندا ناسراوە، دوژمنەکانمان لێمان دەترسن، ئەمەش بۆ وڵاتەکەمان زۆر گرنگە.
خامنەیی جەختی لەوە کردووتەوە "نابێت گەشەپێدانی سەربازی بوەستێنرێت و داواشی کردووە داهێنان و پێشکەوتنی زیاتری سەربازی بکرێت."
بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، لەو پێشانگەیەدا چەند درۆنێکی خۆتەقینەوە نمایش کراون.
لە 10ی شوباتی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتارەکەدا، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گرت و گوتی: ترەمپ نیازی خۆی بۆ دانوستان دەردەبڕێت، کەچی لە هەمان کاتدا ئیمزا لەسەر سەپاندنی سزا و زیاتر گەمارۆدانی ئێران دەکات.
پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو "دانوستاندن و ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران، باشترە لەوەی پەنا بۆ چارەی سەربازی ببەن."