ساڵی ڕابردوو 124 ڕۆژنامەنووس کوژراون، ئیسرائیل لە کوژرانی سەدا 70ـیان بەرپرسە

ئەنجوومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو کوژرانی ڕۆژنامەنووسان ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و دەشڵێت ئیسرائیل لە کوژرانی 70%ـیان بەرپرسە.
ئەنجوومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ( CPJ )، چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025 ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووتەوە، تێیدا هاتووە "لە ساڵی 2024دا بە لایەنی کەمەوە 124 ڕۆژنامەنووس لە 18 وڵات کوژراون، بەمەش لە 30 ساڵی ڕابردوودا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد."
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە شەڕی ئیسرائیل و غەززەدا 85 ڕۆژنامەنووس لەسەر دەستی سوپای ئیسرائیل کوژراون. بەمەش ئیسرائیل لە کوژران 70%ـی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسە.
ئەنجوومەنەکە ڕاشیگەیاندوە " ئێستە ڕۆژنامەنووسان لە مەترسیدارترین کاتدا دەژین."
لەوەتەی ئەنجوومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەست بەکاربووە، ئەمە دەبیتە بەرزترین ژمارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا.
بە گوێرەی ڕاگەینراوەکە، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ساڵی 2024دا کوژراون بەراورد بە ساڵی 2023 شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە ساڵی2023دا 102 ڕۆژنامەنووس کوژراون و لە ساڵی2022دا 69 ڕۆژنامەنووس کوژراون.