یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت پرسی سەپاندنی باج بە دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا چارە بکات

یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت خۆی لە جەنگی گومرگی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بپارێزێت و لە بری وەڵامدانەوە، دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بکات.

چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و 27 وەزیری بازرگانی یەکێتیی ئەورووپا تێیدا بەشدار بوون، باسیان لە شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی باجەکانی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ سەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی کردووە.

له‌م باره‌وه‌، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە، وەزیرەکان باسیان لە ڕێوشوێنی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی باجەکان کردووە و دوو ڕێگایان پێشنیاز کردووە، ئەوانیش: زیادکردنی هه‌مان ئه‌و باجانه‌ی كه‌ ساڵی 2018 بەسەر هاوردەکردنی بەرهەمەکانی ئەمەریکادا سه‌پاندبوویان، یانیش گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە بارەی سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر یەکێتیی ئەورووپادا.

ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بەشی زۆری وەزیرەکان گفتوگۆ و و دانوستانیان لەگەڵ ترەمپ پێ باشترە لە سەپاندنی باج بەسەر بەرهەمەکانی ئەمەریکا.

هاوکات ئەمڕۆ، مارۆس سێفکۆڤیچ، بەرپرسی بازرگانی یەکێتیی ئەورووپا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە هاوارد لوتنیک، کاندیدی وەزیری بازرگانی، جەیمسۆن گریر، کاندیدی نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا و کیڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانیی ئەمەریکادا کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمەریکا دووەم گەورەترین بازاڕی هەناردەکردنی ئاسنی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپادا هەیە و قەبارەی بازرگانی نێوانیان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە تێکڕا نزیکەی سێ ملیار یۆرۆ بووه‌. هاوکات لە 11 مانگی ساڵی 2024ـدا بە بەهای دوو ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆ ئەلەمنیۆمی هەناردەی یەکێتیی ئەورووپا کردووە.