ترەمپ داوای داخستنی دەستبەجێی وەزارەتی پەروەردە دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای داخستنی دەستبەجێی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی کرد. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ڕەنگە لە سعوودیە چاوی بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بکەوێت.

ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەگەڵ پوتین لە سعوودیە کۆ دەبمەوە، دیدارەکەم لەگەڵ پوتین، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینیش دەگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، پابەند نەبووە بە چوون بۆ ئۆکرانیا، هەروەها دەیەوێت شەڕەکە کۆتایی پێ بێت.

ئاشکراشی کرد، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەچێتە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی پارەکەمان دەگەڕێتەوە، جەختیشی کردەوە "پێناچێت ئۆکرانیا هەموو خاکەکەی وەربگرێتەوە."

لە بابەتێکی دیکەدا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دەبێت دەستبەجێ وەزارەتی فێرکردن دابخرێت."  گوتیشی: هەموو جیهان سوود لە ئەمەریکا وەردەگرێت، منیش فەرمانی جێبەجێکردن ئیمزا دەکەم بۆ سەپاندنی باجی بەرامبەر.