حەویجە.. ڕوفاتی 17 پێشمەرگە دۆزرایەوە

ڕوفاتی 17 پێشمەرگە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی قەزای حەویجە دۆزراوەتەوە و ئیستا نموونەی خوێن لە کەسوکاریان وەردەگیرێت بۆ ئەوەی ڕادەستیان بکەنەوە.  

پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ڕادەستکردنەوەی ڕوفاتی ئێزیدییەکان بە کەسوکارەکانیان، گوتی: لە هەفتەی ڕابردوو هەڵمەتێکی دوو ڕۆژەمان دەست پێ کردووە بۆ وەرگرتنی نموونەی خوێن لە کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان، هەروەها هەفتەی داهاتووش هەڵمەتەکە تەواو دەکەین لە هەولێر.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەبارەت بەو گۆڕە بەکۆمەڵەی ئێستا لە حەویجە دۆزراوەتەوە ڕوفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە، بەدڵنیاییەوە پرۆسەکەمان بۆ دۆزینەوەی ڕوفاتی دیکەی پیشمەرگە بەردەوام دەبێت، هەروەها هەڵمەتی وەرگرتنی نموونەی خوێن، بەگوێرەی ئەو ناوچانەی کەسوکاری خێزانە پێشمەرگە شەهیدەکانی لێیە، دەکەین.

دەشڵێت، لە هەر ناوچەیەک ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە هەبن، تیمەکانمان لەوێ ئامادە دەبن. 

زیا کەریم، بەڕێوەبەری گۆڕە بە کۆمەڵەکانی دەزگای شەهیدان و بێسەروشوێنانی عێراق ڕایگەیاند، پزیشکیی دادی عێراق 32 ڕوفاتی قوربانیانی دەستی داعش لە شنگال، ڕادەستی کەسوکاریان دەکاتەوە. هەروەها کاروانی یەکەمی قوربانیانی شارەدێی حەمام عەلیل کە 21 ڕوفات بووە.

گوتیشی: زیاتر لە 100 گۆڕی بەکۆمەڵ لەناوچە جیاوازەکانی شنگالدا هەیە، هاوکات ئەو ناوچانەی دەستنیشان کراون زیاتر لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی تێدایە، هەروەها زیاتر لە 51 گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە هێشتا نەکراونەتەوە، ئەوانەشی کراونەتەوە لە شنگال 64 دانەن.