سەرۆك بارزانی: پێویستە دامەزراوەكانی دەوڵەت پابەندی هەر سێ بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بن

ڕۆژی پێنجشەممە 13ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد كە پێكهاتبوو لە، ئەندامانی لیژنەی چاودێریی ئامادەكردنی ستراتیجییەتی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆكایەتیی جەواد پۆلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە دیدارەكەدا، شاندەكە داوای بۆچوون و پێشنیار و هەڵسەنگاندنی سەرۆك بارزانیان كرد لەسەر كاروباری لیژنەكەیان و ستراتیجییەتی ئاساییشی نیشتیمانی.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە ئەرك و كاری لیژنەی چاودێریی ئامادەكردنی ستراتیجیەتی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی بەرچاوڕونیی پێویستی خستەڕوو، جەختیشی كردەوە، كە پێویستە دامەزراوەكانی دەوڵەت لە چوارچێوەی كاركردن بە دەستوور، پابەندی هەر سێ بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بن.