عێراق ھانا بۆ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكان دەبات

.

K24 - ھەولێر

عێراق بۆ دەربازبوونی لە قەیران، پەنا بۆ سعوودیە و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی دەبات.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمەریكی، عێراق ھەموو ھەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانە بدۆزێتەوە كە لە ئەنجامی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بەرۆكی ئابوورییەكەی گرتووە.

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، عێراق دەستی بە گفتووگۆكانی لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی كردووە، بۆ ئەوەی قەرزێك بە بڕی 5 ملیار دۆلار وەرگرێت، لەلایەكی دیكەش ھەوڵدەدات سەرنجی سعوودیە بۆ لای كێڵگەكانی گازی سرووشتی لە عێراق رابكێشێت، بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی تێیدا ئەنجامبدەن.

لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، سعوودیە ئامادەكاری خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی پڕۆژەكانی وزە لە عێراق بكات.