عێراق سنوورەکانی لەگەڵ سووریا پتەو دەکات

عێراق لە دۆخی ئەمنی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا نیگەرانە، بەردەوامە لە دانانی دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتە.
شارەزایانی سیاسی و ئابووریش داوا دەکەن، پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای ئەوە دووبارە ببنەوە، لەسەر بنەمای قۆناغێک کەشێکی ئەرێنی ڕاستەقینە دروستبکات، بەو پێیەی کە بواری مەودای جوگرافی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا نییە، بەهەمان شێوە پێویستە بوارەکانی دیکەش ئاسایی بکرێنەوە.
دیواری کۆنکرێتی بەدرێژایی 300 کیلۆمەتر لەنێوان ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە سنوورە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ سووریا لە باکووری ڕووباری فورات، مەبەست لێی ڕێگریی کردنە لە هاتنە ناوەوەی تیرۆریستان و قاچاخچێتی لەو سنوورانە.
سەرەڕای پەیوەندی دیپلۆماسی باش لەنێوان عێراق و سووریادا، شارەزایان ڕایان وایە، دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنوورەکان، هاریکاری لەنێوان هەردوو وڵات سنووردار دەکات.
سەیف سەعد، پسپۆری بواری ئەمنی دەڵێت: دەخوازین زمانی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕۆڵی خۆی ببینێت، گرنگە دەسەڵاتدارانی سووریا زمانێكی نەرم بەرانبەر وڵاتانی دووەم بەکاربێنن، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە هەمان کاتدا پێویستە ڕێز لە هەڵوێست و ئیرادەی گەلی سووریا بگیرێت بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی وڵاتەکەیان لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی ڕاستەقینە.
ئەوەی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە ئەوەیە، ماوەی 60 ڕۆژە، حکوومەتی عێراق مەرزی سنووری بەڕووی گواستنەوەی کاڵا و پێداویستەکان و هاتنەوەوەی گەشتیاران داخستووە، لەسەر ئەم پرسە شارەزایانی سیاسی بەپێویستی دەزانن، پەیوەندی ئابووری لەنێوان هەردوو وڵات ئاسایی ببێتەوە.
باس جەمیلی، شارەزای سیاسی دەڵێت: داوا دەکەین حکوومەتی عێراق دەرگای هاریکاری بەڕووی حکوومەتی سووریا بکاتەوە، ڕێز لەو بژاردەیەی گەلی سووریا بگرێت لەوەی کێ نوێنەرایتیان دەکات و دەبێتە حکوومڕان لەو وڵاتە، بۆیە پێویستە پەیوەندیی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات دەستپێبکاتەوە بەو پێیەی هیچ مەودایەی سیاسی جوگرافی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە نییە، دواجار ئیرادەی گەل بریتیە لە یاسا و دەستوور.
کارکردن بۆ پاراستنی زنجیرە سنووری هەردوو وڵات لەڕێگەی دیواری کۆنکرێتی و هەڵکەندنی خەندەق و دانانی کامێرای چاودێری، لەو ڕێکارانەن کە حکوومەتی عێراق دوو ساڵە لە سنوورەکان کاریان لەسەر دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ئێستا ئەم پرسە وەک نیگەرانییەک لەنێوان هەردوولا ماوەتەوە.