نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ وەزیرانی بەرگريی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشيان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گويدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گويدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا

نێچیرڤان بارزانی و وەزیرانی بەرگریی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بە جیا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و ئەڵمانیایان لە بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبەشى نێوان هه‌ردوولا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش تاوتوێ كرد.

له‌ ميانى به‌شداريكردنى له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، هه‌ينى، 14ـی شوباتی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ  گويدۆ كرۆسێتۆ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبەشى نێوان هه‌ردوولا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشيان تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پشتگیرییە دووپات کردەوە کە ئیتاڵیا لە بواری ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيی دژى داعشدا پێشکەشی دەکات، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ پێويستيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كيى داعش كرده‌وه‌.
لاى خۆیەوە،  وەزیری بەرگريی ئیتاڵیا جەختی لەسەر گرنگيی هاوبەشيی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابه‌نديى وڵاتەکەی بۆ بەردەواميی پشتگیريی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هاوکاريی سەربازی و ئەمنی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌.
دوايين پێشهاته‌ ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، به‌تايبه‌تى دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هەر ئەمڕۆ هەینی، 14ـی شوباتی 2025، له‌ چوارچێوه‌ى كارنامه‌كه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا لەگەڵ  بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگريی ئەڵمانیا، باسيان له‌ پەیوەندییەکانی ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد و ده‌رباره‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و پێشهاته‌كانى ناوچەکە به‌تايبه‌تى سووريا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ يارمه‌تيدان و پشتيگريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دەربڕی، هه‌روه‌ها جه‌ختى له گرنگی و پێويستيى هه‌رێمى كوردستان به‌ بەردەواميی ئەم هاوکارییانه‌ کرده‌وه‌.
لاى خۆیەوە، وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا پابەنديى ئەڵمانیای بە پشتگیريی هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌ڵمانياى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر به‌ پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا.