بڕیارە سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، هاوکات ئەمڕۆ لە میونشن سەرۆکی ئۆکرانیا دیداری لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە بڕیارە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە ئەمڕۆ هەینی 14ـی شوباتی 2025 بەڕێوەدەچێت، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆببنەوە.
هەروەها ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش کۆ ببێتەوە.
هاوکات رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووتەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کردووە، ئەگەر بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕازی نەبێت، ئەوە بەهێز یان بە ئابووری وەڵامیان دەبێت.
جەی دی ڤانس جەختی کردووتەوە بژاردەی زۆریان لە بەردەمە بۆ کۆتایهێنان بەو جەنگە، بەڵام بژاردەی لە پێشینە ئەوەی کە سەروەری خاکی ئۆکرانیا بپارێزن.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو ڕێککەوتننامەیە لەوانەیە بەشێکی زۆری خەڵک شۆک بکات، چونکە لە دانوستانەکاندا هەموو شتێک بە ڕاشکاوی باس دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، بە جیا نزیک کاتژمێرێک و نیو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و ڤلادیمێر پوتین کرد.
لە پەیوەندییەکەدا، ترەمپ و پوتین، گفتوگۆیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژیریی دەستکرد و بەهای دۆلار، کردبوو.
دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، بڵاوی کردووتەوە، پەیوەندییەکی بەرهەمداریان لەگەڵ پوتین هەبوو ە و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن کە دەستبەجێ تیمی دانوستانکار لە هەر دوو لاوە دروست بکرێت و سەردانی یەکتر بکەن.
لە بەرانبەردا، ڤلادیمێر پوتین، سهرۆكی ڕووسیا، دۆناڵد ترەمپی بانگهێشتی واشنتن كرد.