ئۆنروا.. ئەمەریکا بە بڕینی بودجە قەیرانەکانمان قووڵتر دەکاتەوە

جولیێت تۆما، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و میدیا لە ئۆنروا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی واشنتن بۆ وەستاندنی پارەدان بەو ئاژانسە، تووشی قەیرانی دارایی زیاتری کردووە کە پێشتر بەدەستیەوە گرفتار بوو.

تۆما گوتیشی: ئێمە هەرگیز ناوەستین لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی پاراستنی پەیوەندیی باش لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئەندامدا، ئەمەریکا یەکێک بووە لە گەورەترین و پابەندترین بەخشەرەکانی ئۆنروا لەوەتەی  ئاژانسەکە  دامەزراوە و هیچ شتێک ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە.

جولیێت تۆما، ئاماژەی بەوەش دا "ئەمەریکا لە مانگی یەکی ساڵی 2024، پێش ئیمزا کردنی فەرمانی ترەمپ، پارەی ئۆنروای وەستاند و دوای ئەوە هەرگیز هاوکارییەکان دەستیان پێ نەکردەوە. لەم هەلومەرجەدا، دۆخی ئاژانسەکە مەترسیدارە ."

 لە 4ـی شوباتدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانێکی جێبەجێکاریی ئیمزا کرد، بۆ بڕینی هەموو بودجەیەک بۆ ئۆنروا، کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوەکە و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لە چالاکییەکانی یونسکۆوە.