قەییوم لە شوێنی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان دانرا و دەم پارتیش ناڕازییە

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پارێزگاری وانی لە شوێنی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی ئەو شارە دانا. دەم پارتیش ناڕەزایەتیی خۆی لە بەرانبەر بڕیارەکە نیشان دا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیاریان داوە عەبدوڵلا زەیدان، لە پۆستی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان دوور بخەنەوە و لە شوێنی ئەو، ئۆزان بالجی، پارێزگاری وان، دەست بە کار ببێت.
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیشدا لەبارەی بڕیارەکە، دەم پارتی ڕایگەیاند "دانانی قەییوم لە شوێنی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان، گورزێکە لە ئیرادەی خەڵک." هاوکات دوای بڕیارەکە، هاووڵاتییانی وان ڕژانە سەر شەقامەکان، چوونە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی وان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دادگای تاوانەکانی دیاربەکر، بە تاوانی هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای زیندانیی سێ ساڵ و 9 مانگی بەسەر عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان کە سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـیە، سەپاند.
لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا دانانی قەیومی لەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بە "نایاسایی" ناو برد و ئاماژەی بەوە دا "تۆمەتەکانی سەر محەممەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و عەبدوڵلا زێدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان، بێ بنەمان."