بۆچی حەماس پارچەیەک زێڕی داوەتە بارمتەیەکی ئیسرائیلی؟

حەماس پارچەیەک زێڕی بە دیاریی داوەتە یەکێک لەو سێ بارمتە ئیسرائیلییانەی ئەمڕۆ ئازاد کران.
پێشنیوەڕۆی شەممە، 15-02-2025، چەکدارانی عیززەددین قەسام، باڵی چەکداریی مقاوەی ئیسلامیی فەڵەستینی (حەماس) لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە؛ سێ بارمتەی ئیسرائیلی بە ناوەکانی (ساشا ئەلێکساندەر ترۆپانۆڤ، ساگی دەکێل حەن، و یائیر هۆرن) ڕادەستی نوێنەرانی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد.
سەرچاوەیەک لە چەکدارانی قەسام بە کەناڵی "ئەلجەزیرە"ـی ڕاگەیاندووە، پێش ئەوەی پرۆسەی ئازادکردنی سێ بارمتە ئیسرائیلییەکە لە ناوچەی "خان یونس"ـی غەززە دەست پێ بکات، پارچەیەک زێڕیان وەکوو دیاری داوەتە ساگی دەکێل حەن، یەکێک لەو سێ بارمتەیەی ئەمڕۆ ئازاد کراون.
سەرچاوەکەی قەسام باسی لەوەش کردووە، دوای چوار مانگ دەستگیرکردنی، ئەو بارمتە ئیسرائیلییەی بووەتە باوکی کچێک، بۆیە ئەوانیش بە پێویستییان زانیوە، ئەو پارچە زێڕە وەکوو دیارییەک پێشکەشی بارمتەکە بکەن کە تاوەکوو ئێستە کچەکەی نەبینیوە.
هەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 15-02-2025، ئیسرائیل 369 زیندانیکراوی فەڵەستینی کە بە تاوانی جیاواز زیندانی کراون و بەشێکیان سەرکردە و چەکداری حەماس بوون، ئازاد بکرێن.
پێشتر حەماس ڕایگەیاندبوو "کاتی ئازادکردنی ئەم سێ بارمتە ئیسرائیلییە بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخات، چونکە ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی پێشێل کردووە." بەڵام دوای نێوەندگیریی میسر و قەتەر، هەر یەکە لە ئیسرائیل و حەماس پابەندی خۆیان بە ڕێککەوتنەکە نیشان دا.
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 21 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و 783 زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.