عەبدوڵلا زەیدان لەبارەی دوورخرانەوەی: کودەتایە

عەبدوڵلا زەیدان دوورخستنەوەی لە پۆستی گەورە شارەوانیی وان بە "کودەتا" ناو دەبات و جەخت دەکاتەوە، ڕۆژێک دێت لێپرسینەوە لە ئاک پارتی و قەییومەکان دەکرێت.
شەممە، 15-02-2025، عەبدوڵلا زەیدان، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دورخستنەوەی لە پۆستی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان و دانانی قەییوم لە شوێنەکەی؛ بڵاو کردەوە و باسی لەوە کردووە، ئەو خزمەتەی دەسەڵات بە 10 ساڵ نەیکرد، ئەوان کردوویانە.
زەیدان، لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ڕووی دەمی کردووەتە پارێزگار، ئەندام پەرلەمان و لایەنگرانی ئاک پارتی و ئاماژەی بەوە کردووە "چۆن بێ لە ڕووتان دێت بچنە نێو خەڵک؟"
بە گوتەی زەیدان، ئەو هاوسەرۆکی هەڵبژیردراوی گەورە شارەوانیی وانە و کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە بگۆڕێت. ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی "کودەتایە و بەرانبەر بە خەڵک کراوە، مافی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس زەوت کراوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هاتووە "دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، دووپاتی کردووەتەوە ئێمە بە هۆی سیاسی دەستگیر کراوین و سزامان بەسەردا سەپێنراوە. دەسەڵات، دەستوور پێشێل دەکات و دەبێت بڕیارەکەی دادگای ئەورووپا جێبەجێ بکرێت."
زەیدان جەختی کردووەتەوە "بێگومان ڕۆژێک دێت قەیومەکان و ئاک پارتی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
دانانی قەیوم لە شوێنی عەبدوڵلا زەیدان
ئەم ڕاگەیەنراوەی عەبدوڵلا زەیدان لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بڕیاریان داوە عەبدوڵلا زەیدان، لە پۆستی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان دوور بخەنەوە و لە شوێنی ئەو، ئۆزان بالجی، پارێزگاری وان، دەست بە کار ببێت.
دوای بڕیارەکەش دەم پارتی ڕایگەیاند "دانانی قەییوم لە شوێنی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان، گورزێکە لە ئیرادەی خەڵک." هاوکات، هاووڵاتییانی وان ڕژانە سەر شەقامەکان، چوونە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی وان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دادگای تاوانەکانی دیاربەکر، بە تاوانی هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای زیندانیی سێ ساڵ و 9 مانگی بەسەر عەبدوڵلا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان کە سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـیە، سەپاند.
لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا دانانی قەییومی لەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بە "نایاسایی" ناو برد و ئاماژەی بەوە دا "تۆمەتەکانی سەر محەممەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و عەبدوڵڵا زێدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان، بێ بنەمان."