نێچیرڤان بارزانی و ئەسعەد شەیبانی جەختیان لەسەر پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد و گشت پێکهاته‌کان له‌ سووریا کردەوە

شەممە، 15ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووه‌م ڕۆژی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆ بووەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتییان تاوتوێ کرد، هەروەها باسیان لە دۆخی پێکهاتەکانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا کرد."

نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەسەر پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد و سەرجەم پێکهاته‌کان له‌ سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە. هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی چارەکردنی کێشەکان به‌ دیالۆگ و لێکگەیشتن و کارکردن بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا کرد.

 ئەسعەد شەیبانی، پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سووریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان کردەوە.

هەروەها دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارييه‌ هاوبەشەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوکاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتیی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.