یاخیبووانی ئێم23 شاری بوکافوویان داگیر کرد

ئێوارەی ڕۆژی هەینی 14ـی شوباتی 2025، هێزەکانی گرووپی ئێم23ـی پاڵپشتکراو لە لایەن ڕووانداوە، دەستیان بەسەر شاری بوکافوو، پاتەختی هەرێمی باشووری کیفۆی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتدا گرت.

بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی، چەکدارانی ئێم23 درەنگانی ڕۆژی هەینی، گەیشتوونەتە ناوەندی ئەو شارە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی یەک ملیۆن کەسە. بە گوتەی شایەتحاڵان، دەنگی تەقە بیستراوە، بەڵام هیچ بەرگرییەکی ئەوتۆ نەکراوە. پێش گەیشتنی یاخیبووانی ئێم23،  بازاڕ و کۆمپانیاکانی ئەو شارە داخراون و زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە ترسان شارەکەیان بەجێ ‌هێڵاوە. 

پاش داگیرکردنی شاری بوکافوو، ناوچەی ژێر دەسەڵلاتی چەکدارانی ئێم23، فراوانتر بووە و ئێستە دەستیان بەسەر ناوچەکانی چواردەوری زەریاچەی کیڤو و زۆرینەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا گرتووە، ئەمەش زەبرێکی دیکەیە لە حکوومەتی کۆنگۆی دیموکرات. 

هێلین، ئافرەتێکی دانیشتوی گەڕەکی باجیرای باکووری بوکافوو، بە پەیامنێری زە گاردیانی گوتووە: ئاڵای یاخییەکانمان لە شەقامەکاندا بینی، بەڵام کەس بەرەنگاریان نەبووەوە. هیلین هەروا گوتی: جلوبەرگی سەربازیی ئەوان جیاواز بوو، ئێمە پێشتر دەمانزانی کە دەگەنە ئێرە.. سوپای کۆنگۆش بەبێ شەڕ شارەکەی بەجێ هێڵا.

گوتەبێژی سوپای کۆنگۆ، سیلڤیان ئیکینجیش ڕایگەیاندووە، پاش ئەوەی یاخیبووەکان فڕۆکەخانەی کافوموویان لە نزیک بوکافوو داگیرکرد، هێزەکانی ئێمە لەو ناوچەیە کشانەوە.
هەرچەند سیلڤیان نەیگوت بۆ کوێ کشاونەتەوە، بەڵام شایەتحاڵەکان دەڵێن: هێزەکانی کۆنگۆ و بۆرووندی، بەبێ شەڕ، لە سەربازگەی سەرەکیی خۆیان لە نزیک بوکافوو، کشاونەتەوە.
 
شەڕی نێوان یاخیبووانی ئێم23 و سوپای کۆنگۆی دیموکرات، بووەتە هۆی وێرانییەکی زۆر و کوشتن و بریندار بوونی هەزاران خەڵکی سیڤیل لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆی دیموکرات، ئەمە جگە لە تاوانی گەورەی دیکە وەک دەستدرێژی سێکسی و سووتاندنی زیندانیان.