ناتانیاهۆ: ترەمپ بە لێدوانەکانی بارمتە ئیسرائیلییەکانی ئازاد کرد

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا نەبوونایە، حەماس ئەمڕۆ سێ بارمتە ئیسرائیلییەکەی ئازاد نەدەکرد.
ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلی و زیندانیکراوە فەڵەستینییەکان
پێشنیوەڕۆی شەممە، 15-02-2025، چەکدارانی عیززەددین قەسام، باڵی چەکداریی مقاوەی ئیسلامیی فەڵەستینی (حەماس) لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە؛ سێ بارمتەی ئیسرائیلی بە ناوەکانی (ساشا ئەلێکساندەر ترۆپانۆڤ، ساگی دەکێل حەن، و یائیر هۆرن) ئازاد کرد.
هەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، ئیسرائیل 369 زیندانیکراوی فەڵەستینی کە بە تاوانی جیاواز زیندانی کرابوون و بەشێکیان سەرکردە و چەکداری حەماس بوون، ئازاد کرد.
ناتانیاهۆ سوپاسی ترەمپ دەکات
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوابەدوای ئازادکردنی ئەو سێ بارمتەیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای کرد و دووپاتی کردەوە "ئەگەر لێدوانەکانی ترەمپ نەبوونایە، بارمتە ئیسرائیلییەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد نەدەکران."
نووسینگەی ناتانیاهۆ جەختی کردووەتەوە "بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، کار دەکەن تاوەکوو لە زووترین کاتدا هەموو ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە ئازاد بکەن کە لە ژێر دەستی حەماسدا ماون، ئەوانەی لە ژیاندان و ئەوانەشی کە کوژراون."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "حەماس بە هەندێک تۆمەت و درۆی بێ بنەما، هەوڵی دا لەم هەفتەیەدا ڕێککەوتنی ئاگربەست پێشێل بکات."
لای خۆیەوە یایر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ڕایگەیاند "کات بەرەو تەواوبوون دەچێت و دەبێت بە زووترین کات هەموو بارمتەکان بگەڕێنرێنەوە."
ئاگربەستی غەززە
ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەستەکەی غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ماوەکەی 42 ڕۆژ دەبێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، تاوەکوو ئێستە 24 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ژێر دەستی حەماس و زیاتر لە هەزار زیندانی فەڵەستینی لەنێو زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد کراون. هاوکات شەڕ ڕاگیراوە و سەدان بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی گەیەنراونەتەوە کەرتەکە.